د. بەشیر حەداد بەدواداچوون بۆ رووداوەکەی نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك دەكات
نووسینگەی حەداد بڵاوی كردەوە كە ناوبراو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی کەرکووکەوە کردووە و رایسپاردوون تاوەکو لیژنەیەکی تایبەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی بە دواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکەن کە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک رووی داوە.
د. بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەش دا كە پێویستە دامودەزگاکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی حکوومەت بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و لە خزمەت هاووڵاتییاندا بن، گوتیشی هەر کەس و لایەنێک لەو رووداوەدا تاوانبار بێت، پێویستە سزا بدرێت، تاوەکو جارێکی دیکە رووداوێکی نەخوازراوی لەو شێوەیە روونەداتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها پەرلەمانتارانی سەر بە پارێزگای کەرکووکیشی راسپارد بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەو لیژنەیە بکەن و چاودێربن بەسەریەوە و گوشار دروست بکەن تاوەکو بە زووترین کات تاوانباری ئەو رووداوە دەستنیشان بکرێ.
جێی باسە شەوی ڕابردوو دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە كە لەلایەن هاووڵاتییەكی عەرەبەوە لە نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك تۆمار كراوه، كە ئێستا نهخۆشخانهكه تایبەت كراوە بە تووشبوانی كۆرۆنا، دیمەنەكە هاووڵاتییەكی كوردە كە هاوسهرهكهى گیانی لەدەست داوە و هاووڵاتییەكەش دەستی بە قەرەوێڵەكە بەستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو هاووڵاتییە كوردە دوای ئەوەی هاوژینەكەی لە نەخۆشخانە خزمەت ناكرێ و ئامێری هەناسەدانی بۆ دانانێن، وەكو كاردانەوەیهك ئامێرێكی پزیشكی دەشكێنێ و دەستبەجێ كارمەندانی ئەمنیی نەخۆشخانەكە بڕیاری دەستگیركردنی دەدەن و دەستی بەو قەروێڵەیە دەبەستنەوە، كە هاوژینەكەی لەسەری گیانی لەدەست دا، ئەمەش نیگهرانى لێ كهوتووهتهوه.
ئەو هاووڵاتییە كوردە ناوی محەمەدە و پیشەی مامۆستایە و خاوەنی دوو منداڵە بەناوەكانی ئالان و یوسف، دواى دهستگیركردنیشى، مامۆستا محەمەد بە كەفالەت ئازاد كرا كە خۆیشی تووشبووی كۆرۆنایە.
ههر لهمبارهیهوه ئەمڕۆ سێشەممە دلێر شوانی ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركووك، ڕايگەیاند "ئەو هاووڵاتییە وەكو كاردانەوهیەك ئامێرێكی پزیشكی لە نەخۆشخانە شكاندووه، پاشان فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك سكاڵای لەسەر تۆمار كردووه، ئینجا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو".
گوتیشی "بابەتەكە هەرچۆنێك بێت، شێوەی دەستگیركردنەكەی لەجێی خۆی نەبوو و ناشیرین بوو".
باسنيوز
