لە عێراق بە فەرمانی کازمی بەخۆڕایی سووتەمەنی بۆ مۆلیدەی گەڕەکەکان دابیندەکرێت

لە عێراق بە فەرمانی کازمی بەخۆڕایی سووتەمەنی بۆ مۆلیدەی گەڕەکەکان دابیندەکرێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیرانی کارەبا و نەوتدا کە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، فەرمانی دا کە تەواوی پرۆژەکانی کارەبا بەگەڕ بخرێنەوە، بەتایبەتی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانی. هاوکات فەرمانی دا بەخۆڕایی سووتەمەنی بۆ مۆلیدەی گەڕەکەکان دابینبکرێت.

رۆژی دووشەممە 2020/07/13 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "پرسی کارەبا یەکێکە لە گرنگترین ئەو بابەتانەی رووبەڕووی حکومەتی ئێستا دەبێتەوە. پێشتر ملیاران دۆلار لەم کەرتەدا خەرج کراوە کە بەشی ئەوەی دەکرد تۆڕێکی کارەبای هاوچەرخی پێدابمەزرێنرێت. کەچی گەندەڵی و بەهەدەردانی دارایی و خراپیی بەڕێوەبردن بەردەوام بوون و هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرایەوە تاوەکو نەهامەتییەکانی هاووڵاتییان لە وەرزی هاویندا هەر ماون".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "وەزارەتەکانی پێشوو هەوڵیان نەداوە پرۆژەی تایبەت بە چارەسەرکردنی کارەبا جێبەجێ بکەن. ئەوەیش کێشەی کارەبای زیادکردووە، بەتایبەتی لەم دۆخە ئابووری و داراییەدا کە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نرخی نەوت لە جیهاندا دابەزیوە".

کازمی ئەوەی خستەڕوو، حکومەت لە رێگەی جێبەجێکردنی نەخشەی تایبەت بە کەرتەکانی وەبەرهێنان پێداگری لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکات و بەرەنگاری ئەو بەربەستانەیش دەبێتەوە کە رێگە لە بووژانەوەی کەرتی کارەبا دەگرن. جەختی لەوەیش کردەوە کە هەموو دەرچەکانی گەندەڵی لەو کەرتە گرنگەدا دەگرن.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە وەزارەتی نەوت سووتەمەنی بەخۆڕایی بداتە مۆلیدەی گەڕەکەکان بەو مەرجەی ئەوانیش کرێیەکەیان کەمبکەنەوە.








رووداو
Top