دیندار زێباری: بەندیخانەی نهێنی و میلیشیاکان رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا

دیندار زێباری: بەندیخانەی نهێنی و میلیشیاکان رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا
دیندار زێباری، بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، بەندیخانەی نهێنی و چالاکیی بەردەوامی میلیشیاکان رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ موسڵ.

ئەو بەرپرسە باڵایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، میلیشیاکان لە دابڕێنراوەکانی نەینەوا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی ئاوارەکاندا گرتووە و مامەڵەی پێوە دەکەن و بەرپرسیارێتییەکەی خستە سەر بەرپرسانی حکومی لەوەی لە سەپاندنی هێز بەسەر ناوچەکەدا بێتوانان.

دیندار زێباری ئاماژە بەوە دەدات، "هەڵسوکەوتی کۆمەڵە چەکدارەکان و بوونی شانەی نووستووی داعش هۆکاری سەرەکین لە سەقامگیرنەبوونی ناوچە دابڕێنراوەکان" و روونیکردووەتەوە، "ئەو ناوچانە، بەتایبەت دەشتی نەینەوا، بە دەست بوونی بەندیخانەی نهێنییەوە دەناڵێنن کە گرووپە چەکدارییەکان کردوویانەتەوە و ئەوان لەو ناوچانە دەستیان بەسەر زەویی ئاوارەکاندا گرتووە، جیا لەوەش ماڵ و موڵکەکانیان دەسووتێنن".

بەرپرسەکەی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان پشتگیریی هەموو ئاسانکارییەک دەکات، بەڵام هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی ئەو گرووپە چەکدارییانە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان رێگرە".

پێشتر بەرپرسان بوونی بەندیخانەیەکی نهێنییان لە موسڵ دووپات کردبووەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی لیوای 30ـی حەشدی شەعبیدایە و سەر بە حەنین قەدۆی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەوڵەتی یاسا و براکەی ئامر لیوا وەعد قەدۆدایە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بڕیاری دابوو ئەو لیوایەی حەشد لە موسڵ بگوازێتەوە کە بە کاری نایاسایی تۆمەتبارە، بەڵام دواتر لەژێر فشار و هەڕەشەدا لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە.

تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ وەڵامێکی بڵاوکراوەکەی زێبارییان نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی بە ماڵپەری "عەرەبیی جەدید"ی راگەیاندووە، مەبەست لە گرووپە چەکدارییەکان "میلیشیاکانی حەشدی شەبەک و بابلیون و کەتیبەکانی حزبوڵڵایە، هەروەها لە شنگالیش باڵێکی ناوخۆیی پارتیی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە پەکەکە بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی شنگالەوە هەیە". سەرنجی ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی "دۆخی دەشتی نەینەوا یەکێکە لە پاشماوە قورسەکانی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی".

لەلای خۆیەوە عەبدولکەریم عەبتانی ئەندامی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە هەمان ماڵپەری راگەیاندووە، "بە دانپێدانانی بەرپرسە عێراقییەکان لە زیاتر لە ناوچەیەکی عێراقدا بەندیخانەی نهێنی هەیە. ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە و پێویستە کازمی لیژنەیەکی نهێنی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی بەندیخانەکان دروستبکات، چونکە ئەو بەرپرسی یەکەمی سەقامگیربوونی وڵاتە".

ئەندامەکەی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان دەڵێت، "دۆخی عێراق خراپە، هێزە دەرچووەکان لە یاسا کەم نین. ئەوان هەڕەشە لە ئاسایش و دەسەڵاتی دەوڵەت دەکەن، ئەوەش لەسەر بەرپرسانی حکومەتی پێویست دەکات کە هەنگاوی کردەیی لەبارەی ئەو دۆسێیەوە بنێن کە تەنیا رێگەچارە بریتییە لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پێویستە کازمی کار بۆ سەپاندنی یاسا و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بکات".

لای خۆیەوە ماجید شنگالی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دووپاتیکردەوە کە گرووپە چەکدارییەکان کۆنترۆڵی ناوچەکانی نەینەوایان کردووە و گوتی، هەندێک لەو گرووپانە سەر بە حەشدی شەعبین و رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان. ئەو دەڵێت، "ئەو گرووپانە سوودی زۆریان لە کۆنترۆڵکردنی زەویوزاری جووتیارانی ناوچەکە و خەڵکە ئاوارەکە وەرگرتووە و دەیانەوێت وەبەرهێنان لە زەوییەکانیاندا بکەن".

ماجید شنگالی دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە "حکومەت ئەو گرووپە چەکدارانە دەربکات و لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیری دۆسێی ئاسایشی شارەکان رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بکات کە بە بوونی ئەو گرووپانە هەرگیز بەدەست نایەت. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر ئەو ناوچانەدا، حکومەت لە بەڕێوەبردنی ئەو دۆسییانەدا بێدەسەڵاتە و پێویستە بۆ گێرانەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا هێز بەکاربهێنێت".

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە چەندین ناوچەی وەک موسڵ، دیالە، سەلاحەدین و جرف سەخر لە بابل رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گرتووە، لە کاتێکدا حکومەت لە بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بێدەسەڵاتە.








رووداو
Top