لە عێراق قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژکرایەوە

لە عێراق قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژکرایەوە
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو 22ـی تەمموز درێژکردەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش دەڵێت، "ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە وەکو جاران نابێت."

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/07/13 تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەگەر گەشتەکان دەستپێبکەنەوە پێویستە خەڵک ئاگاداربن، چونکە رووبەڕووی کۆمەڵێک رێکاری تەندروستی دەبنەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی و شانەی قەیرانەکانی عێراق بڕیارە کۆببنەوە بۆ تاوتوێی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئێمەش بۆچوونی خۆمانیان پێدەڵێین ئایا ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان نا".

لەو وڵاتانەی کە دەستیانکردووەتەوە بە گەشتکردن، پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتیاران دەکرێت و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، "هەندێك وڵاتی وەکو تورکیا و ئیمارات لە فڕۆکەخانە داوای بڕوانامەی تەندروستی دەکەن، پێویستە لە کوردستانیش ئەو بڕوانامەیە بدرێتە ئەوانەی دەیانەوێت گەشت بکەن".

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئامادەکاریی کردووە، دۆخی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەشی زۆرترین گەشتیان بۆ دەکرێت تاوتوێکراوە، تەلار فایەق لەو بارەیەوە دەڵێت، "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەکان کۆمەڵێک بڕیاریان داوە بۆ گەشتکردن لەو قۆناخەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی گرتووەتەوە، بەشێكی رێنمایی و بڕیارەکان ناچارین و دەبێت جێبەجێبکرێن، بەشێکیشیان پێشنیازدەکرێت لەکاتی باری لەناکاو و کتوپڕدا بێت، هیچ کێشەیەکمان نییە لە جێبەجێکردنی خاڵ و بڕیارەکان".

لە ماوەی سەرهەڵدانی کۆرۆنا تەنیا گەشتی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان راگیران، گەشتە دیپلۆماسییەکان، سەربازی و هەندێک لە گەشتە تایبەتەکان بەردەوام بوون. لە مانگی ئادارەوە 44 هەزار و 666 کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان و لە هەرێمی کوردستانیش چوونەتە دەرەوە. ئەو گەشتیارانەش کە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان بەشی زۆریان ئەوانە بوون کە لە وڵاتان گیریان خواردبوو.

جگە لە گەشتیار، لە مانگی ئادارەوە نزیکەی شەش ملیۆن تۆن کەلوپەل لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەش هاتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

بەهۆی راگرتنی گەشتەکانەوە کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری زیانیان پێگەیشتووە و تەلار فایەق لەو بارەیەوە دەڵێت، "ناتوانین زیانەکان بڵێین، بەڵام زۆر زۆرە. هەموو کۆمپانیاکان و هێڵە فڕۆکەوانییەکان زیانیان بەرکەوتووە".

فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەبارەی ئاماری گەشتەکانی دوو ساڵ و نیوی رابردوو راگەیاند، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی گەشت و گەشتیارانی لە فڕۆکەخانەکان دابەزاندووە. لە مانگی ئادارەوە لەوەتەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە کۆی گەشتە ئاسمانییەکان هەزار و 114 گەشتی ئاسمانی بوون.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2019 ژمارەی گەشت و گەشتیارانیش زیاتر بوون. لە فڕۆکەخانەی هەولێر ملیۆنێک و 909 هەزار و 785 کەس گەشتیان کردووە، لە سلێمانیش نزیکەی 392 هەزار کەس گەشتیان کردووە.








رووداو
Top