عێراق دەکەوێتە ناو گێژاوێکی دیکەی پڕ لە ململانێیەوە
بورهان ڕەئووف چاودێری سیاسی، لەمبارەوە رایگەیاند: "عێراق لە دوای ٢٠٠٣ەوە لەڕووی ئەتنیکی و تائیفییەوە دابەش بووە و ھەر لایەک بەلای خۆیدا ڕای دەکێشێت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستا گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی ڕۆم و عەجەم و ئەمریکا و ھەندێ وڵاتی عەرەبیشە، نەک بەرژەوندی گەلانی عێراق".
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "لەدوای دابەزینی نرخی نەوت، ئابووری فەشەڵی وڵات داڕووخا، لەبەرئەوەی٩٠% داھاتی پشتی بە نەوت بەستووە و لە سەردەمی زێڕینی وڵات لە ٢٠٠٥ەوە تاکوو ٢٠١٤ کە پارە و داھاتێکی زۆر هەبووە، ھیچ ژێرخانێکی پیشەسازی و کشتوکاڵی بنیات نەنراوە، بۆیە ئێستا کە نەوت دابەزیوە و قەیرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، جگە لەوەش قەیرانی ئاسایش ئەوەی شەڕی تیرۆر و تائیفی لە عێراق بەرھەمی ھێنا، تاقم و گرووپی ملیشیایی بوو کە ئێستا شەڕی تیرۆر کۆتایی ھاتووە و خۆیان ڕۆڵی داعش دەبینن و بەدەر لە یاسا و سیاسەتی دەوڵەت دەجووڵێنەوە و دەخوازن عێراق بکەنە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران”.
بورهان ڕەئووف، پێشیوایە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە عێراقدا کەرتی تەندروستی وەکوو ھەموو سێکتەرەکانی دیکە تووشی داڕمان و لۆدێکی زۆر بووەتەوە.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا کە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کازمی تۆمەتبار دەکەن بە جێەجێکردنی ئەجێندای ئەمریکا لە عێراق، لە بەرامبەر ئەم تۆمەتەش ئەوانەی کە پشتیوانیی کازمی و کابینەکەی دەکەن، دەڵێن کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقە نەک پارێزگارێکی پارێزگایەکی ئێران".
باسنیوز
