گوتەبێژی سەربازیی کازمی بەیاننامەیەک لەبارەی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دەردەکات
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، دەردەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-7-2020، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی سەربازیی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بەپێی دەستوور پابەندن بە پاراستنی خۆپیشاندەران.
عەمید یەحیا رەسوڵ ئەگەرچی رەتی کردووەتەوە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی رەفحا بەکار هاتبێ، بەڵام رایگەیاندووە، مستەفا کازمی بەهیچ شێوەیەک دژی لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر خۆپیشاندەران نییە.
لەبارەی رێگریکردن لە چوونی خۆپیشاندەرانی رەفحا بۆ بەغدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو کەسانە بە پاس روویان لە بەغدا کردووە و بە پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا رازی نەبوون، بۆیە رێگرییان لێکراوە.
عەمید یەحیا رەسوڵ خۆپیشاندەرانی رەفحا بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و رێنماییە پزیشکییەکان تۆمەتبار دەکات.
رۆژی یەکشەممە 12-7-2020، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران، کە لە کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و رەفحاوییەکان پێکهاتوون، بە خۆپیشاندان لە باشووری عێراقەوە روویان لە بەغدا کردووە و هێزە ئەمنییەکان رێگایان پێنەدان بچنە ناو شارەکە.
رەفحاوییەکان ئەو کەسانەن، کە دوای شکستی راپەڕینی مانگی ئاداری 1991 لە عێراق، روویان لە سعودیە کرد و لەوێ خرانە خێوەتگەی رەفحا.
خۆپیشاندەران بە نیازن لەبەردەم ناوچەی سەوز خۆپیشاندانێکی فراوان دژی کەمکردنەوەی مووچەکانیان بکەن.
باسنيوز
