کازمی: چیتر رێگا بە دزینی سامانی وڵات لە دەروازە سنوورییەکان نادەین

کازمی: چیتر رێگا بە دزینی سامانی وڵات لە دەروازە سنوورییەکان نادەین
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە چیتر رێگا بە دزینی سامانی وڵات لە دەروازە سنوورییەکان، نادەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 11-7-2020 سوپا و هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی قۆناغی چوارەمی پاڵەوانانی عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دیالە، ئەنجام دا.

ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجام دراوە و هێزێکی وەڵامدانەوەی خێرا، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقییە، دەستی بەسەر هەردوو دەروازەی سنووریی مەندەلە نزیک مەندەلی و مونزەری لە خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالەدا گرتووە.

مستەفا کازمی لە وتەیەکدا لەکاتی کردنەوەی دەروازەی سنووریی مەندەلیدا، رایگەیاندووە، قۆناغی گەڕاندنەوەی سیستەم و یاسا بۆ دەروازەکان دەستی پێکرد و چیتر رێگا بە دزینی سامانی وڵات لەو دەروازانە، نادەن.

کازمی سەردانەکەی خۆی بۆ دەروازەی مەندەلی بە پەیامێکی روون بۆ گەندەڵکاران هەژمار کردووە و رایگەیاندووە، ”چیتر ناتوانن دەسەڵاتتان بەسەر دەروازەکاندا هەبێت“.

میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرۆک وەزیران فەرمانی تەقەکردن لەو کەس و لایەنانەی هەوڵی دەست بەسەرداگرتنەوەی دەروازەی مندەڵی دەدەن، بە هێزە ئەمنییەکان کردووە.

پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن گرووپ و میلیشیا چەکدارییە تائیفی و حزبییەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانیان بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەچێت.











باسنيوز



Top