پارێزگاری واست داوای دەست بەسەرداگرتنەوەی دەروازەی زەرباتییە دەکات
ئەمڕۆ شەممە 11-7-2020، محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بارودۆخی ئەمنیی عێراق بە گشتی و واست بە تایبەت ناسەقامگیرە و چەندین سەرپێچی و دزینی سامانی وڵات لە دەروازەی زەرباتییە کراوە.
محەمەد مەیاحی داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە هێزێکی تایبەت بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوە و خستنەوەی دەروازەی زەرباتییە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بنێرێت.
پارێزگاری واست ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بە بوونی هێزێکی گەورەی سوپای عێراق لە دەروازەکە، فەرمانبەران دەتوانن بەبێ ترسی لایەن و میلیشیاکان، کارەکانی خۆیان بکەن.
پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن گرووپ و میلیشیا چەکدارییە تائیفی و حزبییەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانیان بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەچێت.
باسنيوز
