شانەی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراق: 14 رۆژ قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی رابگەیێنرێت
فالح زیادی، گوتەبێژی شانەی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، لەکاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری تەندروستی باسی ئەوەیان کردووە کە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتوونەتە ئاستی سێیەم، باشترین چارەسەری زانستی و رای لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانیش ئەوەیە، کە قەدەخەی هاتووچۆی ناچاری بۆ ماوەی 14 رۆژ بسەپێنرێت، ئەمەش بۆچوونێکی زانستییە.
فالح زیادی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراقیشە دەڵێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بۆچوونەش داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین قەدەخەی هاتووچۆی تووند جێبەجێ بکەن و لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی سەرجەم پارێزگاکان بکرێت؛ هەروەها پێویستە ئیرادەیەکی جەماوەری و حکومی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایە بەو مەرجەی هاووڵاتییان هاوکاربن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 69 هەزار و 612 کەسن کە دوو هەزار و 882 کەسیان گیانیان لەدەستداوە ئێستا 27 هەزار و 228 کەسیش ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا چالاکە.
رووداو
