دادوەریی عێراق دەستەیەکی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرەکان پێک دەهێنێت
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کردە تیرۆرکارییەکان لە وڵاتەکەی، پێک دەهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2020، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردووەتەوە، کە دەستەکە لە سێ دادوەر و ئەندامێکی داواکاری گشتی پێکدێت و بە هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ، کار دەکات.
پێکهێنانی دەستەکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقە و ئەرکەکەشی بریتی دەبێ لە لێکۆڵینەوە لەو هەموو کردە تیرۆرییانەی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، روو دەدەن.
پێکهێنانی ئەو دەستەیە دوای تیرۆرکردنی هیشام هاشمیی توێژەر و پسپۆڕی ئەمنی دێت، کە لە بەغدا تیرۆرکرا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020، ژمارەیەک چەکدار، بە سواری دوو ماتۆڕسکیل، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زەییونەی بەغدا تەقەیان لە هیشام هاشمی، پسپۆڕ و توێژەری ئەمنی و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکان کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
کەناڵی (ئەلحوڕە) لە زاری رۆژنامەنووسێکی هاوڕێی هیشام هاشمی بڵاوی کردووەتەوە، هاشمی دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەو رۆژنامەنووسەی راگەیاندبوو، کە ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی ئەمنیی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی لێکردبوو و پێیگوتبوو، ”لە ماڵەکەی خۆت دەتکوژم“.
هیشام هاشمی لە ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بووە و لە ساڵی 1997ـەوە توێژینەوەی لەبارەی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان دەکرد.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، گرووپ و میلیشیا توندڕەو، تائیفی و تیرۆریستییەکان بەبێ هیچ ترسێک لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.
باسنيوز
