هۆکاری کوشتنی پسپۆڕە ئەمنییەکەی بەغدا ئاشکرا دەبێت
هۆکاری کوشتنی پسپۆڕ و شیکەرەوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئاشکرا دەبێت.
ماڵپەڕی (سکای نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، کە هیشام هاشمی ماوەیەک بەر لە تیرۆرکردنی، ترسی خۆی لە کوژرانی نیشان دابوو.
هیشام هاشمی بە کەسە نزیکەکانی راگەیاندبوو، کە ترسی هەیە ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات، بیکوژن، چونکە بەردەوام رەخنە لە جموجۆڵ و کردەکانی ئەو میلیشیایانە دەگرێت.
هەروەها کەناڵی (ئەلحوڕە) لە زاری رۆژنامەنووسێکی هاوڕێی هیشام هاشمی بڵاوی کردووەتەوە، هاشمی دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەو رۆژنامەنووسەی راگەیاندبوو، کە ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی ئەمنیی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی لێکردبوو و پێیگوتبوو، ”لە ماڵەکەی خۆت دەتکوژم“.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020، ژمارەیەک چەکدار، بە سواری دوو ماتۆڕسکیل، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زەییونەی بەغدا تەقەیان لە هیشام هاشمی، پسپۆڕ و شیکەرەوەی ئەمنی کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
هیشام هاشمی لە ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بووە و لە ساڵی 1997ـەوە توێژینەوەی لەبارەی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان دەکرد.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، گرووپ و میلیشیا توندڕەو، تائیفی و تیرۆریستییەکان بەبێ هیچ ترسێک لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.
باسنيوز
