دەستەی حەشدی شەعبی چەند بڕیارێکی توند دەردەکات

دەستەی حەشدی شەعبی چەند بڕیارێکی توند دەردەکات


دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چەند بڕیارێکی توند بۆ میلیشیاکان دەردەکات.

لە نووسراوێکدا، کە لە میدیا عێراقییەکان بڵاو کراوەتەوە، دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری داوە ناوە تائیفییەکانی میلیشیا جیاوازەکان قەدغە بکات و لە بری ئەوە، ناوە سەربازییەکان بۆ ئەو میلیشیایانە بەکار بهێنێت.

یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان، بریتییە لە قەدەغەکردنی کاری سیاسی لەو میلیشیایانە و ناچارکردنیان بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان بە حزب و سیاسییەکانەوە.

جەختکردنەوە لە داخستنی هەموو بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەناو شارەکان، خاڵێکی دیکە ئەو بڕیارانەیە، کە دەستەی حەشدی شەعبی بۆ میلیشیاکانی دەری کردووە.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنيوز
Top