ناوەندی راند: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات

 ناوەندی راند: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات
هێزەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی 2014 و لەکاتی شەڕی داعشدا گەڕانەوە عێراق، ئێستا لەلایەن بەشێك لە لایەنە سیاسییە شیعەکانەوە داوایان لێدەکرێت لە عێراق بچنەدەرەوە. بەڵام ناوەندێکی ئەمریکی هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدات و دەڵێت پێگەی ئێران لە عێراق بەهێز دەکات.

واشنتن لەو بارەیەوە دەڵێت، دەبێت ئەو کارە بەگفتوگۆ و رێککەوتن بکرێت، چونکە ئەمریکا قوربانی داوە و پارەیەکی زۆریشی خەرجکردووە. بۆ ئەو مەبەستە، بڕیارە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا گفتوگۆ لە نێوان ئەمریکا و عێراق بەڕێوەبچێت کە بە گفتوگۆی ستراتیژی ناودەبردرێت.

مژارە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان تایبەتن بە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا کە لە عێراق دەمێننەوە. ئەرکی هێزەکان لە بەرامبەر حکومەتی عێراق. هەروەها میکانیزمی کارکردنیان لە چوارچێوەی نەخشەی سیاسیی عێراق و جۆری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ.

هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە شیعەکانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعشیان لە عێراق کرد، بەڵام چاودێرانی سیاسی بەدووری دەزانن ئەمریکا عێراق جێبهێلێت و گۆڕەپانەکە بۆ ئێرانییەکان چۆڵ بکات.

ناوەندی (RAND) کە ناوەندێكی توێژینەوەی ئەمریکییە و زیاتر لە 72 ساڵە ئەزموونی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی هەیە، لە راپۆرتێکدا باسی ئەگەرە جیاوازەکانی بەردەم ئەمریکا لە عێراق و ئەنجامیان لەسەر سیاسەتی واشنتن دەکات و دەڵێت، ئەمریکا لە عێراق چەند بەرژەوەندییەکی هەن، ئەوانیش بەرەنگاربوونەوەی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

راند دەڵێت، بۆ پاراستنی هەرسێ بەرژەوەندییەکان، ئەمریکا پێویستی بە هێشتنەوەی هێزەکانییەتی لە عێراق و بەپێچەوانەوە، زیانی بەردەکەوێت.

بە گوێرەی راند ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا کشانەوەیەکی سنووردار بێت، ئەوا لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەکە زیانێكی مامناوەندی بەردەکەوێت. بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی تەواوەتی، زیانەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران زۆر دەبن.

ئەمریکا نزیکەی 5 هەزار و 200 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق هەن، لە ماوەی رابردوویشدا سێ لە بنکەکانی چۆڵکرد، لەوانەش کەی وەن لە کەرکووک.

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ئەبوو مەهدی موهەندیس، فەرماندی کەتائیب حیزبوڵڵای عێراق لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە دەروازەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بە‌غدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە پرۆژە بڕیارێکی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پەسەندکرد.






رووداو
Top