ئێران: عێراق بەڵێنی پێداوین لە چەند رۆژی داهاتودا سنورەکان دەکرێنەوە
حامد حسەینی، ئەندامی ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران-عێراق بە ئاژانسی میهری وڵاتەکەی راگەیاندوە، "بەپرسانی عێراق بەڵێنیان بە هاوتا ئێرانییەکانیانداوە لە چەند رۆژی داهاتودا کارئاسانی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردولا بکەن، ئەویش لە رێگەی کردنەوەی خاڵە سنورییەکانی باشوری عێراق".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو خاڵە سنوریانەی بڕیارە بکرێنەوە برتین لە دەروازەکانی شلامیکە، شەزابا، مهران و سومیر، لەبارەی کاتی کردنەوەی ئەو دەروازانەش رایگەیاندوە، "کردنەوەی ئەو چوار دەروازەیە دەکەوێت دوای جەژنی رەمەزان".
داخستنی دەروازەکانی باشوری عێراق فشارێکی گەورەی خستوەتەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان
حامد حسەینی ئەوەشی خستوەتەڕو، داخستنی دەروازەکانی باشوری عێراق فشارێکی گەورەی خستوەتەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کە لە رێگایانەوە بەرهەمەکان هاوردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن، ئەوەش بە جۆرێکە رۆژانە زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلێ بارهەڵگر لە رێگەی کوردستانەوە دەچنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
دوای راگەیاندنی یەکەمین توشبوی کۆرۆنا لە عێراق کە هاوڵاتییەکی بە رەگەز ئێرانی بو، بە ئامانجی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی پەتاکە، حکومەتی عێراق سەرجەم دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێران داخست.
خەندان
