131 پەرلەمانتار داوای دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن
131 پەرلەمانتار یاداشتێک واژۆ دەکەن و تێیدا داوای دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
لە یاداشتەکەدا، کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەو 131 پەرلەمانتارە پێیان وایە عێراق بە قۆناغێکی سەختی تەندروستی، ئەمنی، ئابووریی و سیاسیدا تێدەپەڕێت.
ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کۆبوونەوە ئاساییەکانی پەرلەمان دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان لە چاودێریکردنی حکوومەت و داڕشتنی یاساکان، بگێڕن.
پەرلەمانتارەکان بە ئاماژەکردن بە پێویستیی گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان بۆ سەلامەتیی گیانی پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمان، داوایان کردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا کاتی دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکان رابگەیەندرێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، پەرلرمانی عێراق کۆبوونەوە ئاساییەکانی راگرتووە.
تا ئێستا دوو هەزار و 796 کەس لە عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان) تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 112 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
