تەندروستیی جیهانی هۆکارەکانی زیادبوونی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق ئاشکرا دەکات
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە عێراق، ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 16-5-2020، ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق لە کۆتایی مانگی رەمەزان (مانگی رۆژووی مسوڵمانان) هاتوچۆ قەدەغە دەکاتەوە.
ئەدهەم ئیسماعیل، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) داوە، هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تێیاندا، حکوومەتی عێراق چەند ناوچەیەکی بەغدا و بەسرە دادەبڕێ و تیمە پزیشکییەکان پشکنین بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە عێراق.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق پێیوایە ئاهەنگەکان لە هۆڵەکان، پرسەکان و گردبوونەوەی خەڵکی هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنان لە عێراق.
تا ئێستا دوو هەزار و 796 کەس لە عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان) تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 112 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
