فەرماندەی نوێی دژەتیرۆری عێراقی سوپاسی کازمی و خۆپیشاندەران دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 13-5-2020 فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی وەک فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق دەستبەکار بوو.
فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی لە پەیامێکدا، سوپاسی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی، کردووە و رایگەیاندووە، دەبێ هەموویان هەوڵەکانیان بۆ خزمەتی عێراق و رزگاربوون لە قەیرانی دارایی و مەترسییە ئەمنییەکان تەرخان بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی شەممە 9-5-2020 بڕیاری گەراندنەوەی فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی بۆ فەرماندەیی هێزەکانی دژەتیرۆر دا و فەرماندەیی دژەتیرۆری پێسپارد.
وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی پێشووی عێراق لە مانگی ئەیلوولی 2019 بڕیاری دوورخستنەوەی فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی لە پۆستی جێگری فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق بۆ ناو وەزارەتی بەرگری، دابوو.
باسنيوز
