داواكاری گشتیی عێراق داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێك كرد
بە پێی ئەو نووسراوە فەرمییەی رۆژی 13ی نیسانی رابردوو، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی عێراق ئاراستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی كردووە، داواكراوە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار موسەنا سامەرایی هەڵبگیرێ، چونكە گومانلێكراوە بە تێوەگلان لە دۆسیەیەكی گەندەڵی وەزارەتی پەروەردەی عێراق.
داواكاری گشتیی ئاماژەی بەوە داوە كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافەی بەغدا تایبەت بە دەستپاكیەوە لێكۆڵینەوە كراوە و دەركەوتووە پەرلەمانتار موسەنا عەبدولسەمەد سامەرایی تێوەگلاوە بەوەی گوشاری كردووەتە سەر وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری بەشەكان، بۆ ئەوەی گرێبەستێك لە نێوان كۆمپانیای بیمەی نیشتمانی و كۆمپانیای "ارض الوطن" و وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئیمزا بكرێت.
داواكاری گشتی ئەوەشی راگەیاندووە "بە پێی مادەی (340)ی یاسای سزادان و دوای تەواوكردنی كارەكانی دادگا، داواتان لێ دەكەین بە پێی حوكمەكانی مادەی (63/دووەم/ب)ی دەستووری كۆماری عێراق، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری ناوبراو هەڵبگرن".
باسنيوز
