وەزیری ناوخۆی عێراق هەڕەشەی دەستبڕینی ئەوانە دەکات کە پۆستەکانی وەزارەتەکەی دەفرۆشن
بە گوێرەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە میدیاکانی عێراقدا بڵاو کراوەتەوە، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی تازەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەورە ئەفسەرانی وەزارەتەکەی، بە باسی لەوە کردووە کە دەبێت پۆلیس و کارمەندانی هاتوچۆ لەسەر شەقام بەهایان هەبێت.
هەروەها باس لەوە دەکات کە ”کەسانێک هەن پۆست لە وەزارەتی ناوخۆ دەکڕن و شوێنی کەسێکی دەستپاک دەگرن، لەمڕۆوە ئەم بابەتە کۆتایی هات و ئەوەی ئەم کارە بکات، دەستی دەبڕم“.
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنە لەم قسانە دەگرن کە بڵاوکراونەتەوە و باس لەوە دەکەن، بەشی زۆری وەزیرەکانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەرەتادا وا خۆیان دەرخستووە کە دژی گەندەڵین، کەچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی عێراق خراپتر بووە.
باسنيوز
