کازمی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە فەرمانێک بۆ هێزە چەکدارەکان دەردەکات

کازمی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە فەرمانێک بۆ هێزە چەکدارەکان دەردەکات
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، فەرمانێک بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەردەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10-5-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، داوای لە هێزە چەکدارییە عێراقییەکان کردووە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، مستەفا کازمی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردووە تەقە بە رووی خۆپیشاندەران نەکەن و رایگەیاندووە، ”تەقەکردن بە رووی خۆپیشاندەران لە هەر بارودۆخێکدا بێ، قەدەغەیە“.

درەنگانی شەوی هەینی 9-5-2020، هاووڵاتییانی واست ئاگریان لە بارەگای پێشووی رێکخراوی بەدر بەردا، کە گەورەترین میلیشیای حەشدی شەعبییە و هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات.

هەروەها لە نەجەف، خۆپیشاندەران رێگای سەرەکیی پارێزگای دیوانییەیان بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل، داخست.

خۆپیشاندەران دژایەتیی خۆیان بۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق راگەیاند، کە شەوی چوارشەممە 6-5-2020 پەرلەمانی عێراق متمانەی پێبەخشی و لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

خۆپیشاندەران سەرکۆنەی ”مانەوەی گەندەڵکار و دزان لە دەسەڵات“ و سزا نەدرانیان دەکرد، جگە لە داواکردنی خزمەتگوزاری.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات، کە لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد و لە مانگی 3ـی 2020، بەهۆی مەترسیی پەتای کۆرۆنا، راگیران.












باسنيوز



Top