کازمی بۆ باڵوێزەکانی واشنتۆن و تاران: ململانێی خۆتان لە وڵاتی ئێمە دوور بخەنەوە

کازمی بۆ باڵوێزەکانی واشنتۆن و تاران: ململانێی خۆتان لە وڵاتی ئێمە دوور بخەنەوە
لە دوو دیاری جیاوازیدا لەگەڵ باڵوێزەکانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە واشنتۆن و تاران ململانێکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە.

لە هەردوو دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵوێزانی ئەمریکا و ئێران، سەرەڕای باسکردن لە ئاساییکردنەوە و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا - واشنتۆن و بەغدا - تاران لە بواری ئابووری و بەردەوامیی هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوانیان لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە. بە پێداگیریی و جەختکردنەوەوە، کازمی داوای لە هەردوو باڵیۆز کرد، کە ململانێ و ناکۆییەکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە و چیتر عێراق نەکەنە گۆڕەپانی تەسفییەی حیساباتی نێوانیان.

ئەم هەڵوێستەی کازمی هاوکاتە لەگەڵ چەند بڕیارێکی نوێی حکوومەتەکەی سەبارەت بە ئازادکردنی خۆپیشاندەران و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دانانی یاسای حزبەکان، کە لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەیدا ڕایگەیاندن.

لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ماتیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، کازمی پێداگریی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووریی و ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد. هاوکات داوای ئامادەکاریی کرد بۆ گفتوگۆیەکی ستراتیژیی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن لەپێناو بەرقەراکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جەختی کردەوە کە “نابێ عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و تەسفیەی حیساباتی نێوان وڵاتان و پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکی دراوسێ یان دۆست”.

باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دڵنیایی داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە واشنتۆن ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.

پێشتریش و لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای پیرۆباییکردن لە کازمی، سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر “پشتگیری و هاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق بۆ تێپەڕاندنی شوێنەوارەکانی قەیرانی ئابووری”، دووپات کردەوە، هەروەها هاوڕایی خۆی لەسەر گفتوگۆ و دانوستاندنی ستراتیژی دەربڕی.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە مانگی ڕابردوو ئەمریکا یاداشتێکی فەرمیی دایە عێراق، سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوانیان و دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەنجامدانی گفتوگۆ، کە بڕیارە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی حوزەیرانی داهاتوو لەنێوان دوو شاندی فەرمیی هەردوو وڵات بەڕێوە بچێت. گفتوگۆکەش تایبەت دەبێت بە ئایندەی هاوکاریی ئەمنی و ئابووریی نێوان هەردوولا.

لەلایەکی دیکەوە، کازمی پێشوازیی لە ئیرەج مەسجدی،باڵوێزی ئێران لە عێراق کرد. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندیی گەلانی ئەو وڵاتانە و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات. هەروەها کازمی دووپاتی کردەوە، کە عێراق نابێتە ڕێڕەو، یان مۆڵگەیەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان، یان پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ وڵاتێک.
مەسجدی لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان هەردوو وڵاتەکەی بۆ سەرۆک وزەیرانی عێراق دووپات کردەوە.

پێشتریش محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، وێڕای پیرۆزبایی لە کازمی، جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام لەپشتی گەلی عێراق دەوەستێت و ڕێز لە ویست ئیرادەکەی دەگرێت لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی کاروباری وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبات.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکا، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، گرژیی و ئاڵۆزییان تێکەوت و بەو هۆیەوە، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و دیاریکردنی ماوەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دا.

هەرچی پەیوەندیشی بە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە، ئەوا دوای کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2018، ئەو پەیوەندییانە ئاڵۆزییان تێکەوت، تەنانەت تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕەنگدانەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیشیان لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق هەبوو. بەتایبەتی لە هێرشی میلیشیا شیعییە عێراقییەکانی سەر بە ئێران، بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2019 و بڕیاری پەرلەمانی عێراقیی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە درەنگانی شەوی چوارشەممە 6ی ئایاری 2020)بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو (255 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار)، کابینەکەی پەسەند کرا و دەنگی پێ درا.













باسنيوز




Top