خۆپیشاندەرانی بەغدا بەرەو ناوچەی سەوز هەنگاو دەنێن

 خۆپیشاندەرانی بەغدا بەرەو ناوچەی سەوز هەنگاو دەنێن


خۆپیشاندەرانی بەغدای پایتەختی عێراق بەرەو ناوچەی سەوز (پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران و زۆرینەی وەزارەتەکانی عێراق لەوێن)،دەچن.

خۆپیشاندەرانی عێراق دوای نزیکەی دوو مانگ لە راگرتنی خۆپیشاندانەکان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و دژایەتیی خۆیان بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێ، راگەیاندووە، کە شەوی چوارشەممە 6-5-2020 پەرلەمانی عێراق متمانەی پێبەخشی و لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10-5-2020، خۆپیشاندەرانی بەغدا لەسەر پردی کۆماری گردبوونەتەوە و هەوڵی پەڕینەوە لە پردەکە و گەیشتن بە ناوچەی سەوز دەدەن.

خۆپیشاندەران سەرکۆنەی ”مانەوەی گەندەڵکار و دزان لە دەسەڵات“ و سزا نەدرانیان دەکرد، جگە لە داواکردنی خزمەتگوزاری.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات، کە لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد و لە مانگی 3ـی 2020، بەهۆی مەترسیی پەتای کۆرۆنا، راگیران.




باسنيوز
Top