پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانییەکەی مالیکی: هێرشەکانی داعش پیلانی ئەمریکایە
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات، رایدەگەیەنێت، هێرشەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پیلانی ئەمریکایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5-5-2020، مەنسور بەعێجی، پەرلەمانتاری دەولەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان لە دژی داعش رێک بخەن و بە زووترین کات ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەناو ببەن.
مەنسور بەعێجی هەروەها رایگەیاندووە، داعش بەهۆی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بە پرۆژەیاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا پێی وایە هێرشەکانی داعش بەشێکن لە ”پیلانێکی پیسی ئەمریکا“، کە قەیرانی دارایی، پێک نەهێنانی حکوومەت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە هەل دەزانن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزە عێراقییەکان.
چەند رۆژێکە چەکدارانی داعش دەستیان بە هێرشی فراوان بۆ سەر حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین و بابل، کردووە.
باسنيوز
