عێراق هەنار و باینجان رەوانەی ئەڵمانیا دەكات
حەمید نایف گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی عێراقی راگەیاندووە كە دەستیان بە ناردنی هەنار و باینجان كردووە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.
دەشڵێ 25 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵیان بەشی تەواوی پێداویستییەكانی ناوخۆی وڵاتەكە دابین كردووە، كە گرنگترینیان هێلكە، مریشك، ماسی، خورما، سەوزە و گەنم و جۆن.
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە پێشتریش وڵاتەكەی لەسەر داوایەك كۆمپانیایەك، هەنار و باینجانی بۆ ئەڵمانیا ناردووە، ئێستاش پلانیان ئەوەیە پێداویستی ناوخۆ بە تەواوی لە سەوزە و میوە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان پڕ بكەنەوە.
لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە كە ئێستا بەشی 90٪ی پێداویستی ناوخۆ سەوزە بەرهەم دێنن، بە نیازیشن ئەمساڵ تەماتە، خەیارە و پەتاتەش رەوانەی دەرەوەی وڵاتەكە بكەن.
باسنيوز
