بەغدا و واشنتۆن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە
ئەم گفتوگۆیە لە كاتێكدا دەكرێ كە بەر لە چەند مانگێك پەرلەمانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی شیعە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای لەسەر خاكی وڵاتەكە دابوو.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە عەبدولكەریم خەلەف گوتەبێژی سەربازی بە ناوی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوەی عێراق رایگەیاند كە بەغدا و واشنتۆن مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق.
بە گوتەی خەلەف، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە گفتوگۆیە دەكرێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەڵام مانەوەی راهێنەرەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە دەرەوەی گفتوگۆكان دەبن و ئەوان لە عێراق دەمێننەوە بۆ راهێنانی سەربازانی عێراق.
دوای ئەوەی لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای دا، ئەمریكا مانگی ئاداری رابردوو داوای لە بەغدا كرد لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیاندا، دەست بە گفتوگۆیەكی گشتگیر بكەن لەسەر هەموو لایەنە ئابووری، سەربازی، سیاسی و كولتوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
باسنيوز
