ئەمریکا 45 ڕۆژ مۆڵەت بە عێراق دەدات واز لە هاوردەی غازی ئێران بهێنێت

ئەمریکا 45 ڕۆژ مۆڵەت بە عێراق دەدات واز لە هاوردەی غازی ئێران بهێنێت
حکوومەتی ئەمریکا بە نوێکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی عێراق، بۆ هاوردەی غازی ئێران، 45 ڕۆژ دیکە مۆڵەتی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، هیوای خواستووە عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە بەستراوەیی خۆی بە ئێران لە بواری وزە و بەتایبەتی غازی سروشتی، هەوڵەکانی بخاتە گەڕ.

لە کاتی دەستپێکردنەوەی خولی نوێی گەمارۆکانی سەر ئێران تا ئێستا، ئەمریکا لەبارەی هاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێران، چوار جار بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەرکردووە کە پێشتر ماوەی مۆڵەتەکانی ٩٠ ڕۆژە و ١٢٠ ڕۆژە بوون.

دوایین مۆڵەت کە ئەمریکا بە بەرپرسان و بەتایبەتی کەرتی وزەی عێراقی داوە، ٤٥ ڕۆژە و ڕای گەیاندووە دەبێ لەو ماوەیەدا واز لە هاوردەکردنی غازی سروشتیی ئێران بهێنن و پابەندی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە بن.

بەمدواییانە پەرلەمانی عێراق و بەتایبەتی لایەنە شیعەکان یەکلایەنە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان و بەتایبەت ئەمریکایان لەو وڵاتە داوە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی و گومانی ئەمریکا لە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو وڵاتە لە بواری گەمارۆکانی سەر ئێران.











باسنيوز



Top