حه‌سانی: نزیكه‌ی 30 ئه‌ندامی ئه‌لعێراقییه پشتگیری له دووباره كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی ده‌كه‌ن
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا عه‌بدولهادی حه‌سانی رایگه‌یاند له دوو رۆژی رابردوودا هاوپه‌یمانی نیشتمانی به هه‌ردوو باڵی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئیئتیلافی نیشتمانی كۆبوونه‌وه‌و چاوپێكه‌وتنه‌كانی نێوانیان چرِكردۆته‌وه به ئامانجی هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوقی، روونیشی كرده‌وه چه‌ند میكانیزمێكی دیكه هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران له نێوان هه‌ردوولا ئه‌گه‌ر نه‌توانرا به شێوه‌ی ته‌وافوقی كاندیده‌كه هه‌ڵبژێرن، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ردوولا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر به ده‌ستهێنانی 65% ی ده‌نگه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانی.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا حه‌سانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا چه‌ند ئه‌ندامێكی ناو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه كه ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 30 كه‌س پشتگیری خۆیان بۆ نوری مالیكی راگه‌یاندووه بۆ دووباره كاندید كردنه‌وه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق.
حه‌سانی باسی له‌وه كرد ئه‌و له میانی چاوپێكه‌وتنی به‌و ئه‌ندامانه‌ی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه هه‌ستی به‌وه كرده‌وه فشاری ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌یان خراوه‌ته سه‌ر، گوتیشی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌لعێراقییه پشتگیری له هه‌ڵوێستی دوایی ئه‌لعێراقییه ناكه‌ن كه رایگه‌یاند به‌شداری له حكومه‌ت داهاتووی عێراق ناكه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌كه بكات.
