ئێڵ جی خانەیەكی زەبەلاحی وزەی خۆر بەرهەم دەهێنێ
كۆمپانیای ئێڵ جی ئەلكترۆنیكس بڵاوی كردەوە لە بەرنامەیدایە ملیۆنەها دۆلار لە كەرتی بەرهەمهێنانی وزەی خۆی خەرج بكات بۆ بەرزكردنەوەی توانای خۆی لە پلێتی خۆر لە كۆریای باشووردا.
ئێڵ جی گرێبەستێكی لە شاری جۆمی كۆریایی بە بڕی 435 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە 527.2 ملیۆن وۆنی كۆری مۆر كرد بۆ فراوانكردنی بەرهەمهێنانی خانەكانی وزەی خۆر لە شارەكەدا.
ئەمە و ئێڵ جی بە نیازە شەش هێڵی بەرهەمهێنان بكاتە هەشت، بۆ ئەوەی وزەی بەرهەمی پلێتەكانی خۆر لە 1 گێگا وات بگەیەنێتە 1.8 گێگاوات لەگەڵ دەستپێكی ساڵی 2018 دا پاشان بیگەیەنێتە 3 گێگاوات لە ساڵی 2020 دا.
بەم بۆنەیە لی سانگ بۆنگ سەرۆكی سەنتەری كارەكانی وزە لە ئێڵ جی ئەلكترۆنیكس رای گەیاند: بە هۆی وەبەرهێنانە نوێیەكەمان، بەردەوام پەرە بە كارەكانمان لە بواری وزەی خۆردا دەدەین و ماكینە داینامیكییەكانمان گەشە پێدەدەین. ئێمە ماوەیەكی زۆرە هاتووینەتە نێو ئەو بوارە.
جێی باسە ئێڵ جی ئەلكترۆنیكس لە ساڵی 1995 دا هاتۆتە نێو بواری وزەی خۆر و سەنتەری كارەكانی وزەی لە ساڵی 2014 دا دامەزراند بۆ سەرپەرشتیكردنی كارەكانی وزەی خۆر و سیستمی كۆكردنەوەی وزە و كارەكانی سیستمی رووناكی. لە ساڵی 2015 دا كۆمپانیای ناوبراو نوێترین پلێتی وزەی خۆر Neon 2 ی پێشكەوتوو بە پشتبەستن بە تەكنیكی Cello بەرهەم هێنا كە 12 تەلی باریك لە خۆ دەگرێت. بەمەش بە شێوەیەكی نموونەیی دەردەكەوێ بۆ ئەو ماڵانەی كە بیانەوێ وزەی خۆی بەرهەم بهێنن لە پانتاییەكی كەمدا. ئەم جۆرە پلێتەش خەڵاتی پیشانگەی ئینتەرسۆلاری 2015 ی بەدەست هێنا بۆ خانەكانی كارۆرووناكی.
