سەرنجێك لەسەر مۆبایلی G4
كۆمپانیای LG كە بەیەكێك لە كۆمپانیا دەستەبژێرەكانی ئامێرە دیجیتالییەكان دەناسرێ، لەم ساڵدا بۆ ركابەری لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكە، مۆبایلی جۆری G4ی بەرهەم هێنا، دەكرێت بڵێین مۆبایلی ناوبراو بەیەكێك لە بژاردەكانی ساڵی 2015 دەبیندرێ لەنێوان مۆبایلە هۆشمەندەكانی دیكەدا.
دیزاینی مۆبایلەكە هاوشێوەی G3یە، شاشەكەی هەندێك چەماوەیە، جگە لەوەی شاشەكەی تۆزێك چەماوەیە، پشتەوەیشی جۆرە گردییەكی هەیە ئەوەش وا دەكات لە دەستدا زۆر بەباشی جێ بگرێت. كەڤەری پشتەوەی بە سێ جۆر دروست كراوە، یەكەم لە پێستەی سروشتییە دروستكراوە، دووەم لە سیرامیك و سێیەمیان لە پلاستیك.. بە گوێرەی كەڤەرەكە نرخەكەشی دیاری دەكرێت.
شاشەكەی زۆر سەرنج راكێشە، 5.5 ئینجە، كوالیتی نیشاندانی QHDیە. تەنانەت ئەگەر مۆبایلەكە لە كاتی كوژانەوەش دابێت شاشەكەی هەر جوانی خۆی دەنوێنێ. میمۆری ناو مۆبایلەكە 32 گێگابایتە، بەڵام دەكرێت میمۆری 2 ترابایتیشی بۆ دابندرێت هەرچەندە میمۆری لەو قەوارەیە دروست نەكراوە، بەڵام LG پێشبینی داهاتووی كردووە.
كامێرای پشتەوەی 16 میگاپیكسلە و ئەوەی پێشەوەی 8 میگاپیكسلە.. بواری هەرە بەهێزی مۆبایلەكە لە كامێراكەی دایە. سیستەمی دژە لەرە تێدایە كە لەكاتی لەرزینی دەستیشدا وێنەكان تێك ناچن، ئەو وێنانەی بەو مۆبایلە دەگیردرێن كوالیتیان لەسەرێیە، بەتایبەتی لە رۆژدا هەرچەندە لە شەویشدا دەكرێت وێنەی باشی پێ بگیردرێت. باترییەكەشی زۆر بەهێزە دەكرێت هەتا 5 كاتژمێر بەردەوام كاری پێبكرێت.
