كاتژمێر ریمۆت كۆنترۆڵی كامێرا
كاتێك مۆبایل گشتگیر بوو، زەنگێك بۆ مەرگی كاتژمێری دەست لێدرا، چونكە زۆر لەوانەی كاتژمێریان لەدەست دەكرد، دایان نا.. بەڵام ئێستا رەوتەكە پێچەوانە دەبێتەوە، بەهۆی هاتنی كاتژمێری هۆشمەندەوە پێدەچێت مۆبایل گرنگی خۆی لەدەست بدات، چونكە هەم كاتژمێرە سمارتەكان ئەركی مۆبایلیش ئەنجام دەدەن..
لەو فایلەدا زۆر جار باسی كاتژمێری هۆشمەندمان كردووە و ناساندوومانن، لێرەشدا چاوێك دەخشێنین بە كاتژمێری سمارتی جۆری boldr voyage. ستایل و كاركردنی كاتژمێرەكە هەروەك كاتژمێرێكی ئاساییە، چونكە خولەك ژمێر و چركە ژمێری هەیە. كاتێك سەیری دەكەی هەست پێناكەی كە كاتژمێرێكی هۆشمەندە.. چونكە لە ستیلێكی دژە ژەنگ دروست كراوە و لە قوڵایی 30 مەتریش بە ئاو تێك ناچێ.. كاتژمێرەكە هەنگاو دەپێوێت و بۆ لەش جوانی و وەرزش كردن سوودی زۆرە، بەهۆی بلوتوسەوە بە مۆبایلەوە پەیوەند دەدرێ. بەهۆی گلۆپی LED یا لەرینەوە لە پەیوەندییەكان ئاگادارت دەكاتەوە. تایبەتمەندییەكی كاتژمێرەكە ئەوەیە كاتێك مۆبایلەكەت لە شوێنێك جێ دەهێڵی ئاگادارت دەكاتەوە، هەربۆیە دڵنیا دەبی كە مۆبایلەكەت ون ناكەی، خاڵێكی گرنگ لە مۆبایلەكە دا ئەوەیە دەتوانی بە داگرتنی دوگمەیەك بە مۆبایلەكەت وێنە بگری، مۆبایلەكە هەتا شەش مانگ باترییەكەی دانابەزێت. باترییەكی تایبەتیشی تێدایە تەنیا بۆ كاركردنی كاتژمێرەكە.
