مەچەكبەند بۆ ژماردنی هەنگاوەكان
هەرچەندە ئامێرەكانی دیجیتالی تەكنەلۆژیای سەردەم وایان كردووە حەسانەوەی زیاتر بە مرۆڤ ببەخشن و لەبارەی جەستەییەوە مرۆڤ تەمبەڵ و بێ جوڵە بكەن كە ئەمەش لەخۆیدا كاریگەری نەرێنی بووە و قەڵەوی و كێش زۆری بەشێكی بۆ ئامێرە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم دەگەڕێتەوە، بەڵام ئامێری واش هەیە كە دیجیتالییە و لەخزمەت تەندروستی مرۆڤدایە وەك مەچەكبەندی Jawbone up24 كە هەموو هەنگاوەكانت دەژمێرێت و بە چارتەر لەسەر مۆبایل نیشانی دەدات و كاتێك نیازتان هەیە پشوو بدەن، بیرتان دەخاتەوە كە تەمبەڵی بەسە. كاتێك نیازت هەیە بۆ شوێنێك بڕۆی و پێشتر بە ئامێرەكە گوتراوە كە دەبێت چەند كیلۆمەتر بڕۆی، بەردەوام بیرت دەخاتەوە كە هەنگاوەكانت خێراتر بكە. ئەگەر چەند رۆژێك نیازت هەبوو وەرزش نەكەی، بە رێزەوە بە پەیامێك بۆ مۆبایلەكەت دەنێرێ و دەنووسێ، هاوڕێ هەستە لە جێگەكەت و هەندێك راهێنان بكە. كاتژمێری زەنگی هەیە كە تەنیا بۆ لە خەوهەستان نییه، بەڵكو ئاگادارت دەكاتەوە كە ئەم كاتە پێویستت بە خەوە ئەگەر شەوانە درەنگ بخەوی. لە خواردنی رۆژانەش ئاگادارت دەكاتەوە.
