فەیسبووك ئێستا گەورەترین تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنتەرنێتە، بەشداربووانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گەیشتوونەتە ملیارێك، بەم پێیە دەبێ لەهەر 7 كەس لەجیهاندا یەك كەس لەم تۆڕەدا بەشدار بێ، لەفەیسبووكدا دەتوانی بۆچوونەكانی خۆت لەگەڵ هاوڕێیانت و ئەو كەسانەی لەیەك گرووپدان باس بكەی، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكان دابنێی، ڕای خۆت لەسەر بۆچوونی كەسانی دیكە دەرببڕی...تاد. بەڵام لێرەدا ئاگاداری بەشداربووانی تۆڕی ئەنتەرنێت دەكەمەوە، كە ئەگەر ئەو وێنانەی لەپەیجەكەی خۆتاندا داتان ناون پاشان لەدانانەكەی پەشیمان بوونەتەوە و سڕیوتانەوە، ڕاستە لەپەیجەكەتدا نامێنن، بەڵام لەفەیسبووكدا هەر دەمێننەوە.. هەركەسێك لینكی ئەو وێنەیە بزانێت و لینكەكە لێبدات، یەكسەر دەچێتە سەر وێنەكە.. دەتوانن خۆشتان ئەمە تاقی بكەنەوەو تا بەكردەوە بیبینن، كەوایە هیچ وێنەیەك لەفەیسبووك دا بۆ هەمیشە ناسڕێتەوە.. بۆیە ئاگادار بن لەوەی چ وێنەیەك دادەنێن و تا دواتر پەشیمان نەبنەوە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی بەڕێوەبەرانی فەیسبووك كراوە و ئەوان بەڵێنیانداوە ئەو گرفتە لەماوەیەكی زوودا چارەسەر بكەن.