لەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین، منداڵانیش وەك گەورەكان مافی خۆیانە كە لەتەكنۆلۆژیای سەردەم سوودمەند بن، هەربۆیە زۆربەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنی ئامێری تەكنۆلۆژیای نوێ بیریان لەداهێنانی ئامێر بۆ منداڵانیش كردۆتەوە، بەجۆرێك كە لەگەڵ هەستی منداڵانەیاندا بگونجێت. یەكێك لەو كۆمپانیایانەی كە هەوڵی داوە لەم بوارەدا جێ پەنجەی دیار بێت، كۆمپانیای توشیبای ژاپۆنی بەهاوكاری كۆمپانیای “بێست بۆی” لەم دواییانەدا لاپتۆپێكی تایبەت بە منداڵانی بەرهەم هێناوە. Satellite L653 ناوی ئەو لاپتۆپەیە كە بۆ منداڵانی تەمەن 5 ساڵی هەتا 10 ساڵی دەگونجێت، لاپتۆپەكە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە كە لاپتۆپی گەورەكان تێدایە، یانی جگە لەوەی كە قەبارەكەی بەقەد لاپتۆپێكی ئاساییە، تواناكانیشی وەك لاپتۆپێكی ئاساییە و لەگەڵ هەندێك تایبەتمەندی دیكە لەگەڵ جیهانی منداڵان دەگونجێت.