مۆدی جلوبەرگ، لە هەر شێواز و جۆرێك بێ، لەسەر ریتم و چەشنێكی دیاریكراو لەلایەن دیزاینەرانەوە ئامادە دەكرێن، تا جیاوازییان لەگەڵ مۆدەكانی پێشووی خۆیان هەبێ و لاساییكردنەوەش نەبێت، ماوە ماوەش چاوخشاندنێك بە مۆدەكانی پێشوودا دەكرێ، تا لە شێوازی تازەیدا و دوای گۆڕانكاری بە سەریدا شێوازێكی سەرنجڕاكێشی لەسەر دروست بكەن. ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو مۆدی دەستەجلێكی باو لە نێو كچان و ئافرەتاندا هەبوو، كە بە مۆدی دۆنگەرێ – Dungaree ناسرابوو، ئەم دەستە جلە، هەم بەدللە و هەمیش پانتۆڵە، لە دوو پارچەی جیا پێكهاتووە و بە یەكەوە بەستراوەتە بەشی سەرەوەی قەمیس و بەدی و بلووز و لەگەڵ پانتۆڵ لێكدراوە، جۆرەكەی دیكەشی لەگەڵ تەنوورەدا رێكدەكرێت. دەتوانی تۆش ئەو مۆدە تاقی بكەیتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر شێوازی شاژنە (ڤیكتۆریا) چێ كراون، هەوڵبدە لە رەنگی بێجی و لەگەڵ تیشێرتێك، یان قەمیسێكی یەخە گەورە لەبەری بكە و ئینجا دەزانی چەندە جوان و رازاوەیە لە بەرتدا.