گوڵ هەمیشە گوزارشت لە جوانی و خۆشەویستی و دڵی پاك و هەستی جوان دەكات، ئەوانەی دەستگیراندارن و چاوەڕێی رۆژی ئاهەنگ و زەماوەندن، هەردەم بیر لەو دەستەگوڵە جوانە دەكەنەوە تا لە رۆژی بووكێنیدا لە دەستیان بێت و دەست بەتاڵ نەبن، یان ئەو كاتەی زاوا بە دیداری بووك شاد دەبێت و دەستەگوڵەكەی پێشكەش دەكات. مۆدی پێشووی دەستەگوڵی بووك زیاتر گوڵی سپی و لە پلاستیك و باغە بوون، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە رۆژی بووكێنییاندا وەك شۆخێكی جوان دەربكەون، دەتوانن گۆڕانكاری بەسەر ئەو شێوازە گوڵە كلاسیكە بهێنن، ئەویش بە هەڵبژاردنی گوڵی سرووشتی، مەرجیش نییە تەنیا لە رەنگی سپی بێت، بەڵكو دەتوانی گوڵەكان رەنگاوڕەنگ بن، یان لە رەنگێكی دیكە جگە لە رەنگی سپی بێت. بۆ ئەوانەش دەیانەوێ ئەو دەستە گوڵەیان وەك یادگاری بمێنێتەوە، دەتوانن گوڵی پلاستیك هەڵبژێرن تا لە داهاتوودا لە ماڵەكەیان بپارێزرێت، تەنانەت دەتوانی لە شێوە كۆنەكەش دەربچیت و لە جیاتی دەستەگوڵ، كەرەستەیەكی دیكە بێت، وەك یادگاری نامە و شووشەیەكی نەخشێنراو بە ناوی بووك و زاوا یان پارچە شیعرێك بێت، یان ئەو كەرەستەیە بێت كە لەلایەن بووك و زاواوە لە پێشوودا دیاری دەكرێن.