چۆن كەرەستە و ئامێرەكانی ژووری چێشتت پاك دەكەیتەوە

چۆن كەرەستە و ئامێرەكانی ژووری چێشتت پاك دەكەیتەوە
پاككردنەوە و گرنگیدان بە كار و باری ماڵ زۆرن، رۆژانەش وەك ئەركێكی سەرشانی كچان و كابانی ماڵ بۆتە هەنگاوێك تا ماڵی هەموو خانمێك بە جوانترین شێوە و دیمەن رازاوە و پاك و جوان بن، ئەو هەنگاوانەش خانمان ماندوو دەكەن، زۆرجاریش لە پاككردنەوەی كەرەستە و كەل و پەلەكانی ماڵدا كاتێكی زۆر بەسەر دەبەن و چ سوودێكیش لە كارەكانیان نابینن، رەنگە بەهۆی بە هەڵە بەكارهێنانی ئەو هەنگاوانەیە بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنرێن، لەو كاتەی پاشماوەی چەوری و دووكەڵی تەباخ و ئامێرەكانی خواردن ئامادە كردن لەسەر دیوار و سەر كەل و پەل وكەرەستەكانی چێشت و قاپ و قاچاخت دەمێنێتەوە، بێگومان لادان و پاككردنەوەی قوڕسە، چونكە بە ئاسانی لاناچێت، دەبێ ئەو رێگایانە بدۆزیتەوە كە بە سانایی و سادەیی كارەكەت بۆ بەڕی بكەن. چەندین رێگەی ئاسان هەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتە:
رێگەی یەكەم بەكارهێنانی (پەڕۆ و دەسترازەی تەڕ)ە، بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانەی كە چەورن و بە شووشتنی ئاسایی پاشماوەكە لاناچێت، دەتوانی بە پەڕۆ و گیراوەی (خەل كە توێكڵەی زۆربەی میوە و سەوزەكان دروست دەكرێت)، لەگەڵ بەكارهێنانی كەمێك خوێ چاكترین رێگەیە بۆ لادانی ئەو پاشماوە چەورەی سەر كەرەستە و كەل و پەلەكانی ژووری چێشت، هەروەها دەكرێ لە دوای ئەو هەنگاوە كەرەستەكانی پاككردەوەی وەك زاهی و فاسیش بەكاربهێنێت.
رێگەی دوومیش، بۆ لەناوبردنی بۆنی ناخۆش و پاشماوەی ژێر كەرەستە و كەل و پەلەكانی ژووری چێشت، ئەوەش لە رێگەی ئامادەكردنی پاككەرەوەیەكی سرووشتی كە لە پەلكی لیمۆ و خوێ و خەڵ پێكدێت، هەرسێكیان تێكەڵی یەكتر بكە، پاشان بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی هەر بەشێكی ژووری چێشتت بەكاربهێنە.
رێگەی سێیەمش، بۆ پاككردنەوەی ئامێرەكانی ژووری چێشت، ناكرێ ماددەی كیمیاوی و ئەو گیراوە بازرگانیانە بەكاربهێنێت، چونكە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەری خراپی هەبێ، یان بۆنی ئەو ئامێرانە تێكدەچێت، بۆ نموونە: ئەگەر بە شامپۆ و فاس ئامێری فڕن بشۆیت، كاریگەری خراپی لەسەر بۆن و رەنگە ژەنگ هینان و تێكدانی ئامێرەكەت بكات، بۆیە دەتوانی لە رێگەی گیراوەی (نیو كووپ خوێ لەگەڵ بڕێك ئاو تێكەڵی بكە)، تا دەبێتە گیراوەیەكی سادە، بەم گیراوەیەش دەتوانی تەواوی ئامێرەكان پێی پاك بكەیتەوە و پاشان بە ئاو بیشۆ.
Top