باز و راوی باز لە كوردستان
February 23, 2016
رەنگا و ڕەنگ
راوچییەكانی كوردستان، بە رێگەیەكی ژیرانە و زیرەكانە راوی باز دەكەن، لەو كاتەی كە وادەی كۆچی بازە، ئەوانەی بەسەر ئاسمانی كوردستان تێپەڕ دەبەن، بۆ ئەو مەبەستە نێچیرێك كە (قەتێ)یە، لەسەر زەوی دادەنین و دەیبەستنەوە، هەروەها تۆڕێكی وەك تەڵە، لەسەر پشتی قەتی دەخرێت، تا ئەگەر بازەكە بیەوێ قەتێیەكە ببات، قاچەكانی بەر تۆڕی تەڵەكە بكەوێت و بە یەكسانی فڕینی تێكبدات و بەم جۆرە دەكەوێت و پاشان لەلایەن راوچییەكانەوە دەیگرن، بەبێ ئەوەی شوێنێكیشی بریندار بێ، یان بشكێ. شارەزایان دەڵێن: هێزی دووربینینی چاوی باز دەگاتە (30 تا 35) كیلۆمەتر، نێچیری خۆی دەبینێت و دیاری دەكات. گرانترین باز بە (بازی سپی) دەناسرێ و نرخی گەیشتۆتە (73) دەفتەر دۆلار، لە كوردستانیش نێوان (5 تا 30) دەفتەر فرۆشراوە، باز چەندین جۆری هەیە لەوانە: دووبرا، نەگل، باشووكە، خەرتەل، شاین، سەقەڕ، چاوزەرد، ئەسپەر. هەر بازێك پێوانەی جەستەی هەیە، كە لە (16) ئینجەوە دەست پێدەكات، تا (18) ئینجی، تەمەنی باز لە نێوان (10) تا (15) ساڵە، ئەو بازەی تەمەنی زۆرە و پیرە بە (زرناس) دەناسرێت.
