خانمانی دایك و كچانی بەرپرس لە جوانكردن و گرنگیدان بە منداڵان، پێویستە بە وریایی و كارامەیی جلوبەرگ و كەرەستەكانی منداڵان هەڵبژێرن تا جوان و رازاوە بن. پۆشاك وجلی منداڵان، تا چەند جوان و رازاوە بن، گوزارشت لە دەستڕەنگینی و كارامەیی تۆی خانم دەكات، چونكە جوانی منداڵان لە بەرچاوانە و كاتێك منداڵەكەت پاك و بە جلێكی جوان پۆشتە دەبێ، ئیدی هەموو دەڵێن، دایكێكی دەستڕەنگینی هەیە، هەندێ جاریش دایكان و كابان و كچانی ماڵ، زۆر بە ئەستەم جلوبەرگ و پۆشاك بۆ منداڵان هەڵدەبژێرن و دوودڵیش دەبن لە دەستنیشانكردنی كەرەستەیەك، بۆیە تۆی خانم پێویستە دوو لایەن لە هەڵبژاردنی پۆشاكی منداڵەكەت بەدی بكەیت، یەكەمیان: دەبێ جل و پۆشاكی منداڵان گەرم و گوڕ بێت و منداڵەكەت لە سەرما بپارێزێ، دووەمیش: وا چاكە جگە لە گەرمكردنەوە، جوان و سەرنجڕاكێش بێت. لەم وەرزەی سەرما و سۆڵەدا، وا جوانە جلێكی پۆشتە لەبەر منداڵەكەت بكەیت، لە بیریش مەكە پێڵاوێكی رەنگاوڕەنگ و جوان لە پێیان بكەیت، تا قاچ و پێیەكانی گەرم بكاتەوە. هەروەها مۆدێكی نایاب بێت و لەگەڵ جلوبەرگەكانیدا گونجاو و شیاو بێت.