بە (7) هەنگاو مۆدێكی شیك بدۆزەوە

بە (7) هەنگاو مۆدێكی شیك بدۆزەوە
ماوە ماوە خانمان پێویستییان بە گۆڕانكاری مۆدێكی شیك و شیكتر دەبێ، تا لە مۆدی پێشوویان جیاوازییەك لە جوانییاندا بەدی بكەن. پسپۆڕانی جوانكاری (7) هەنگاویان ئامادە كردووە، لە هەر كات و شوێنێكدا بێت، دەتوانی بە پەیڕەوكردنی ئەو هەنگاوانە، مۆدێكی شیك لە جوانیدا دروست بكەیت، هەنگاوەكانیش سادە و ئاسانن، لێرەوە ئاشنای ئەو هەنگاوانە بە:
- ماكیاژ: دەتوانی بە سادەترین شێوە لە رێگەی گۆڕینی ماكیاژەكەت، ببیتە خاوەن مۆدێكی تازە، هەر وەك چۆن هەندێ جار هونەرمەندان و كچانی ناودار دەبینی بە ماكیاژ و بێ ماكیاژ چەندە جیاوازن، هەوڵیش بدە كە رەنگی سووراو و پشتە چاوت زوو زوو بگۆڕیت.
- پرچ : ماوەیەكی زۆر لە سەر پرچێك مەڕۆ، هەوڵبدە گۆڕانكاری لە تەسریحەی پرچت بكەیت، كە هەر ئارایشتێكی تازە مۆدێكی تازەیە بۆت، ئەگەر زۆر بەلایەكدا دایدەهێنیت، ئەوجارەیان هەوڵدە بەرزی بكەیتەوە، هەروەها بۆ درێژی و كورتی قژت دەتوانی كاریان لەسەر بكەیت.
- بۆیەی نینۆك: رەنگەكانی بۆیەی نینۆك بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، كە زۆربەیان سەرنجڕاكێش و نایابن، گۆڕانكاری لە رەنگی نینۆكدا مۆدێكی تازە و شیكە.
- پشتێنی نەخشین: ئەگەرچی كەرەستەیەكی ئاسایی و سادەیە، هەندێ جار بە پشتێنێكی بچووك دەتوانی مۆدێكی نایاب بۆ لەش و لارت دروست بكەیت.
- شاڵ و ملپێچ: ئەگەرچی كەرەستەیەكە بۆ گەرمكردنەوەی مل و بەرۆك، دەشتوانی سوود لە جوانی ئەو پۆشاكە وەربگریت، كاتێك لە ملت دەبێ، سەرنجڕاكێشترت دەكات.
- خشل و ئێكسسوار: هەندێ جار دەتوانی بە ئێكسسوارێك بەشێكی جەستەت جوانتر بكەیت، بۆ نموونە: بە دەستبەندێكی بچووك، دەست و مەچەكت رازاوەتر دەكەیت.
جانتای دەست: ئێكسسوارێكی سەرەكییە و هەموو كات لە دەستت نابێ، بەڵام ئەگەر زیاتر لە جانتایەكت هەبێ، لە دەستت جوان و رازاوەتر و شیك دەبێت.
Top