سەرما و سۆڵەی زستانی ئەمساڵی كوردستان بەهێزە و تەنانەت وایكردووە كە خەڵكی كوردستان زیاتر لە وەرزەكانی پێشوو خۆیان بپارێزن و رووبەڕووی سەرما ببنەوە. نزمترین پلەی گەرمی لە كوردستان تا ئێستا گەیشتۆتە كەمتر لە (5) پلەی گەرمی، ئەی چی بە دانیشتووانی خەڵكی شاری (ئۆیمیاكۆن) بڵێین ئاخۆ چۆن دەتوانن لە سەرما و سۆڵەی ئەو شوێنەیان بژین، كە تەنانەت ناتوانی پەرداخێك ئاو ببەیتە دەرەوە، چونكە یەكسەر ئاوەكە دەبەستێت، ئەو شارە دەكەوێتە كۆماری (ساخا)ی لە وڵاتی رووسیای فیدڕاڵ، ئەو وڵاتە لە (83) كیانی فیدڕاڵی پێكدێت و (21) كۆماریش لە خۆ دەگرێت، شاری ئۆیمیاكۆن دەكەوێتە ناو دڵی دۆڵێك كە (750) مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، جگە لەوەش بەرزی چیاكانی دەوروبەری ئەو شارە دەگاتە (1100) مەتر، بەمەش هەوای سارد لەم شوێنە گیر دەبێت و دەرناچێ، بەم چەشنە پلەكانی گەرمی لەم شارە دەگاتە (38-) پلەی ژێر سفری فەهرەنهایەت، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە (500) كەس تێناپەڕێت و زۆربەشیان كاری بازرگانی دەكەن، دەگوترێ كە لە ساڵی (1933) پلەكانی گەرما بۆ (90-) فەهرەنهایەت واتە (-32) هاتە خوارەوە، تەنانەت لەم پلەی سەرمادا، ناتوانیت هەناسەش بدەیت، چونكە سییەكانت دەیبەستن.