پەنیری بە جۆشی كوردەواری

پەنیری بە جۆشی كوردەواری
ژیانی كوردەواری پڕە لە بەرهەمهێنان و كاری دەستڕەنگینی و كەرەستە و خواردنی رەسەن، هەموو ئەوانە بە دەست و بازووی ماندووی پیاوان و لێهاتوویی ئافرەتان بەرهەم هاتوون، یەكێك لەو خواردنە خۆش و بەجۆشانەی كە ساڵانێكە لە كوردستان ئامادە و دروست دەكرێت، پەنیرە، كە لە شیری خاوی ئاژەڵەوە دروست دەكرێت، بە تایبەت شیری مەڕ و مانگا، بەهۆی ئەوەی شیری مەڕ بەتێنە و رێژیەكی زۆری چەوری و ماددە و كانزای بە هێزی تێدایە، پەنیری خۆمانە، لە شێوەی سەرەكی بچووك و گەورەیە، كە بە پەنیری خۆماڵی دەناسرێ، دوای ئەوەی مەڕ و ماڵات دەدۆشرێت، پاشان شیرەكە دەپاڵێورێت تا بە جوانی پاك بێتەوە، ئینجا دەخرێتە ناو مەنجەڵێكی گەورە، پاشان هەوێنی تێدەكرێت كە پێیدەگوترێت(شیلك) ئەو هەوێنە لە نەرمە گۆشتی نێو هەناوی بەرخ و مانگای ساوا دەردەهێنرێ، ئەو شیلكە چیڕ و نەرمە، دوای ئەوەی دەشووردرێتەوە و پاشان پاك دەكرێتەوە، دواتر ئاوی مێخەك و پەلكی پرتەقاڵی تێدەكرێت تا تامی خۆش بكات و تێكنەچێت، ئەو شیلكە لەناو سەتڵێك یان كوپێك دادەنرێت، دوای ئەوەی مەڕ دەدۆشرێ و شیرەكە دەهێنرێت و پاشان ئەو شیلكەی دەخرێتە سەر. دوای مانەوەی بۆ نزیكەی (30) خولەكێك، شیرەكە هەڵدەپڕكێ و هەندێكی پەیت دەبێت وەك شیرە پەیتە و بەشەكەی دیكەی دەبێتە ئاو، ئەو بەشە پەیتەی دەخرێتە ناو پارچە پەڕۆیەكی پاك، پاشان بە دەست ئەو گونیە دەگوشرێت و ئاوەكەی بە تەواوی لێدەگیرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە سەلكە پەنیری گەورە و بچووكی لێدەردەچێت. هەر سەركە پەنیرێك نزیكەی (نیو تا 3 )كیلۆی دەردەچێ، ئەو ئاوەی لە پەنیر گوشینەكە دەمێنێتەوە، دەخرێتە سەر كزە ئاگرێك و پاشان دەكرێتە لۆر، كە ئەویش خواردنێكی دیكەی بە جۆشە و هاوشێوەی پەنیر و ماست و ژاژی، ئێستا نرخی كیلۆیەك پەنیر (10 تا 12) هەزار دینارە، خەڵكیش خواستیان لەسەرە بەیانیان و ئێواران لەگەڵ نانی گەرم و چای شیرین نۆشی دەكەن.
Top