مەساجی دەم و چاو چۆن دەكەیت

مەساجی دەم و چاو چۆن دەكەیت
سەنتەری جوانكاری دانێلا، لە رێنماییەكانی بۆ خانمان ئاماژە بەوە دەكات كەوا
پاراستنی رووخسار، ئەركێكی گرنگە و دەبێ رۆژانە پاك بكرێتەوە، هەروەها ئەگەر ماوە ماوە مەساجیشی بۆ بكرێت، سەر و سیما جوانتر و سەرنجڕاكێشتر نیشان دە
دات، نیان لە ساڵۆن دانێلا دەڵێ: مەساجكردنی دەم و چاو كۆمەڵێك سوودی هەیە، لەوانە: نەهێشتنی چرچ و لۆچ، گەشانەوەی پێست و دەم چاو، پاككردنەوەی پێست، زیندوو كردنەوەی خانەكانی پێستی رووخسار، بۆ چۆنیەتی مەساجكردنی دروست بۆ رووخسار، پێویستە خانمان ئەو رێگە و رێكارانە بگرنەبەر، تا بتوانن رووخساریان بە مەساجكردن جوانتر و گەشاوەتر بكەن:
- سەرەتا دەبێ دەم وچاو بە جوانی پاك بكرێتەوە، كە ئەوەش بە لۆكە و پەمووی نەرم، یان بە كەرەستەكانی پاككردنەوەی رووخسار وەك بەكارهێنانی هەڵمی بۆ ماوەی (10) خولەك.
- پاشان گیراوەیەكی تایبەت هەیە بە گوێرەی پێستەكە بەكاردەهێنرێت، دەبێ گیراوەكە بۆ ماوەی (5) خولەك بمێنێتەوە.
- پاشان دەم و چاو دەشۆردرێت و ماسكێكی دیكە دەكرێت كە پێدەگوترێت (پۆدرەی ماسكە) لەگەڵ هەنگوین و ئاوی میوە، بە گوێرەی پێستەكە، ئەگەر پێستەكە وشك بوو، ئەو پۆدرە لەگەڵ هەنگوین دەگیرێتەوە، ئەگەر پێستەكە چەور بێت، لەگەڵ ئاوی لیمۆ یان پرتەقاڵ، بۆ ماوەی (15) خولەكی دیكە پێوەی دەمێنێت، دەیشوات، دواتر كرێمی نەرمكردنەوەی پێست و رووخسار كە هەر خانمێك كامەی لەلا پەسندە دەتوانن ئەو جۆرە بەكاردەبهێنن.
- شێڵانی دەم و چاو، پێویستە كەمتر نەبێت لە (5) خولەك، بەڵام مەرجە شێلان بە رۆنی سرووشتی بێت، واتە یەكێك لەو جۆرە رۆنانەی كە لە میوە و سەوزەی سرووشتی دروستكرا بێت، تا مەساجەكە تەندرووست و بە ئەنجام بێت، ئەو رۆنانەی بۆ مەساج بەكاردەهێنرێن بریتیین لە: رۆنی گوێزی هیندی، رۆنی زەیتی زەیتوون، رۆنی بادەم، چونكە بەبێ رۆن مەساجی دەم وچاو لە جیاتی سوود، زیانی بۆ رووخسارت دەبێت.
- رێگەی ئاراستەكردنی مەساج كردن پێویستە بەم جۆرە بێت، لە چەناگەوە دەست پێبكەین تا دەگەینە نێوچەوانی سەر، كە ئەوەش دەبێ بە بەكارهێنانی سەر پەنجەكانەوە و بە جووڵەی بچووك لە خوارەوەی چەناگە بۆ سەرەوەی روومەت، بۆ روومەتیش بە جووڵەی بازنەیی بە سەری پەنجەكانەوە مەساج دەكەیت، ، هەروەها بۆ پشت چاو و ژێر چاو، دەبێ لە لەلای لووتەوە بەرەو دەرەوەی چیوە چاو بشێلیت، واتە دانانی پەنجەت بە شێوەیەكی كەوانەیی، كە لە لووت دەستپێدەكەیت تا دەگەیتە كۆتایی برۆ دەیشێلیت، بۆ لووتیش دەبێ بە جووڵەی ئاسۆیی بێت، لە خوارەوەی لووت بۆ سەرەوە.
Top