كراسی مارەبڕین چۆن هەڵدەبژێریت؟

كراسی مارەبڕین چۆن هەڵدەبژێریت؟
كچان بەر لە رۆژی مارەبڕین، خواستیانە كراسێكی جوان و نایابیان لەبەر بێ، تا وەك شۆخێك لە پێش چاوی هاوڕێ و میوانان و ئامادەبووان دەربكەون. چەندین رێنماییش بۆ خانمی دەستگیراندار هەن كە ئەگەر پەیڕەویان بكات، دەتوانێ كراسێكی ناسك و جلێكی رازاوەی بۆ رۆژی ئاهەنگەكەی لەبەر بێت.
باشترە ئەو جلەی مەبەستتە ماوەیەك بەر لە رۆژی مارەبڕین دەستنیشانی بكەیت، چونكە لەو ماوەیە كارەكانت زۆر دەبن و رەنگە نەتوانی لە دواكاتدا كراسێك هەڵبژێریت، بۆیە پێویستە جلەكەت پێشتر دەستنیشان بكەیت.
- دەكرێ لە رۆژی مارەبڕیندا زیاتر لە جلێك لەبەر بكەی، سەرەتا كراس و عەزی، پاشان دەتوانی جلەكەت بكەیتە جلێكی دیكە، وەك جلی كوردی، یان كراسێكی لە رەنگێكی دیكە.
- مەرجە جلەكەت لە رەنگێك بێت كە لەگەڵ رەنگی پێستت، یان رەنگی پرچ و ماكیاژەكەشت گونجاو بن.
- زۆر جار كچ و كوڕ، لە نێوان خۆیان رێكدەكەون، كە بەشێكی جلەكانیان هەمان رەنگ بێ، بۆ نموونە: قەمیس یان بۆینباخی زاوا، لەگەڵ رەنگی جلی كچەكە یەك دەكەن.
- چاكترە ئەوانەی كێشیان زۆرە و جەستەیان پڕە، ئەو جلانە هەڵبژێرن كە تەسك بێ و لەو رەنگانە بێ كە جەستە بچووك و ورد و لاواز دیار دەخەن، بۆ ئەوانەش كە لاوازن، جلێكی كراوە هەڵبژێرن، تا جەستەیان زیاتر لاوازتر دیار نەبێت، هەروەها رەنگێك بێ كە شێوەی زۆر باریك نیشان نەدەن.
- لە بارەی نەخشەوە، هەر یەكەو حەز و خواستی خۆیەی هەیە. هەندێك كراسی سادە و بە نەخشیان مەبەستە، هەندێكی دیكەش لە بەشی سینگ و سەرەوە بە نەخشە و لە خوارەوە سادەیە، بەڵام مۆدی ئێستا لە سەرەوە تەسكە و لە خوارەوەش كراوە و سادەیە.
Top