جلەكانی ئەو وەرزە، بەرەو گۆڕانكاری زۆر دەچن، بە تایبەت كاتێك خانمان دەیانەوێ جلێكی نایاب و جوان و پۆشتەیان لەبەر بێت، چونكە كەشی ئەو وەرزە بەرەو ساردی دەچێ، دەبێ جلەكان پۆشتە و گەرمتر بن، تا جەستەی خانمان لە سەرما و سۆڵە بپارێزێت و هەروەها مۆدێكی جوانیش بێت لەبەریان، تا لە نێو هاوڕێیان و كەسانی نزیكیان بە جوانترین شێوە دەربكەون. مۆدی پێشبینی كراوی داهاتوو كە لەسەرەوەی هەموو جلەكانەوە لەبەر دەكرێت، بۆ پاییز و زستانی داهاتوو، كۆتی درێژ، یان ئەوەی بە قاپووت ناسراوە، دەبێتە مۆدی سەردەم بۆ ئەو وەرزە، درێژی ئەو كۆتانە دەگاتە سەرەوەی چۆك، كە تاك رەنگە و شێوەی سەرەوەی تەسكە و لە خوارەوەش كراوە دەبێت، تا ئەوانەی لەبەری دەكەن بە سانایی جوڵە بكەن، هەندێكیشیان تا ژێرەوەی قاچەكان دەبێ، ئەو شێوازە بۆ ئەوانەیە كە باڵای بەرزە، ئەو خانمانەی هەست دەكەن باڵایان كورتە، چاكترە چاكێتی سەر چۆك لەبەر بكەن، ئەو رەنگانەی دانراون بۆ ئەو چاكێتە درێژە زیاتر لە رەنگەكانی: رەش و شین و شینی دەریا و قاوەیی و سوورە، كە دەكرێت لەگەڵ هەموو جۆرە جلێك لەبەر بكرێت و ببێتە مۆدێكی شیاو، كە هەم گەرم و گوڕە، هەم وا دەكات لەش و لاری ئافرەت سەرنج راكێشتر دەربكەوێت.