لە رەفتار و زمانی منداڵەكەت ئاشنا بە
September 14, 2015
رەنگا و ڕەنگ
تەمەنی (6) مانگی تا (3) ساڵان، بنچینەی پەروەردەكردنی منداڵەكەتە، چۆن ئامادەی بكەیت بەم جۆرە دەردەچێ، چارەسەریش ئاسانە، كە هەندێك توندی و كۆنتڕۆڵی دایك و باوكی دەوێ، تەنانەت هەندێ جاریش دەبێ دان بە خۆتدا بگریت و توندڕەوانە مامەڵە بكەیت، تا بە منداڵەكەت بڵێی ئەوە سنوورە و نابێ بیبەزێنێت. منداڵ زیرەك و ژیرە، ئەو كاتەی دەزانی تۆ بە چی تێكدەچی، یان بێزار دەبیت، ئەو لەسەر ئەو كارە بەردەوام دەبێ و دووبارەشی دەكاتەوە، ئەگەر كەرەستەیەكی ویست تۆش پێت نەدا، رەنگە هاوار بكات، یان گریانێكی زۆر بكات، یان بنووزێتەوە، دەتوانی چارەسەری ئەو حاڵەتە بكەیت لە دوورەوە، واتە لەلای منداڵەكە مەبە و تەنیا چاوت لەسەر بێت، هێواش هێواش منداڵەكە واز لەو رەفتارانەی دەهێنێت و رەزامەند دەبێت، هەوڵمەدە منداڵەكەت بە كار و پاداشتی بەردەوام رازی بكەیت، وەك ئەوەی بڵێ: وامەكە ئینجا دەتبەمە دەرەوە، یان بۆ شاری یاری، یان شتێكت بۆت دەكڕم، ئەوەیان تەنیا لە كارە باشەكاندا بەكاربهێنە.
