لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی بەهار، ماوەیەكە خانمانی كوردستان روویان لە جلی كوردی كردووە، هەر یەكە بە حەز و خواستی خۆی جۆرە كراسێكی كوردی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ و لەلای بەرگدروو داوای شێوازی دوورینەكەی دەكات، ئەگەرچی جلی كوردی ساڵانێكە گۆڕانكاری لە دیزاین و شێوەی دەكرێ، بەڵام شێوازە رەسەنایەتییەكەی خۆی لە دەست نەداوە و هەر لەسەر هەمان ریتمی جاران ئامادە دەكرێن، تەنیا ئەوە نەبێت كە چەند گۆڕانكاریی سادە و سانای بەسەردا دەكرێ، ئەوەش بەپێی خواست و داوای خانمان، هەروەها ماوە ماوەش لەلایەن دیزاینەرانی جلی كوردییەوە كاری تازەی بۆ دەكەن، ئەوەتا (ئەسعەد خەیات) دەڵێت: ئێمە وەك دیزاینەران كاری تازە و نوێكاری لە شێوازی جلی كوردی دەكەین، تا بەرهەمێكی تازە بێت، بەڵام هەرگیز لەسەر شێوازی كۆن و كلاسیكی خۆی لانادەین، تا نەشونما كۆنەكەی پێوە دیار بێت، ئەو كراسە، ئەگەرچی لە شێوازی جاراندایە، بەڵام بە مۆدی رۆژهەڵاتی ناسراوە، ئێستا باوی زۆرە لەنێو كچان و خانماندا.