كچان چاوەڕێی ئەو رۆژەن كە لە زەماوەندەكەیاندا بە جوانترین شێوە دەربكەون و ببنە شۆخێكی بەرچاو، چونكە رۆژێكی خۆش و نایابە لە هەست و خواستیاندا و دەخوازن ئەو رۆژەت ببێتە یادگارییەكی شیرین و دێرینی ژیانیان، بۆیە لەم رۆژەدا بە جوانترین شێوە وێنەی یادگاری دەگرن. ماوەیەكە شێوازی وێنەی بووك و زاوا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە شێوە كلاسیكەكەی جارانی شكاندووە و مۆدی ئێستای وێنەی بووك و زاوا، زیاتر لەگەڵ سرووشتدا دەبێ، چونكە جوانیی سرووشت هەر دەمێنێ. بۆیە وا چاكە بە هەفتەیەك پێش زەماوەند بۆ وێنەگرتن خۆت ئامادە بكەیت، سەرەتا لەگەڵ دەستگیرانەكەت شوێنی وێنەگرتن دیاری بكەن، لە كاتی پێشوو سەردانی بكەن، یان ئەو شوێنە بێت كە پێشتر بە یەكەوە یادگاریتان لێی هەبووە، هەروەها چاكترە جووڵەكانتان هەڵبژێرن بەر لەو رۆژە، كە چ جووڵەیەكتان بەدڵە، تا لە كاتی وێنەگرتندا شپرزە و نیگەران نەبن، بۆ ئەوەی لە وێنەكاندا بە جوانترین شێوە دەربچن.