لەگەڵ هەر جلێكدا، چەندین ئێكسسواری هەمەچەشن لەبەر دەكرێن، هەندێكیان وەك كەرەستەیەكی سەرەكی و هەندێكی دیكەش بۆ جوانییە، بەڵام گرنگە خانمان بزانن ئەو ئێكسسوارە گونجاوە لەبەر خۆیان بكەن كە جوانتر و رازاوەیان دەكات، پشتێن بە ئێكسسوارێكی سەرەكی دادەنرێ، كە لەگەڵ زۆربەی جل و بەرگ لە پشت دەكرێ، دەتوانی پشتێن لەگەڵ : پانتۆڵ و كاوبۆی جینز و تەنوورەش لە پشت بكەیت، لە مۆدی ئێستای پشتێندا، زیاتر گرنگی بە پشتێنی باریك و بچووك دەدرێ، چونكە لە مۆدی پێشوودا زیاتر باوی پشتێنی ئەستوور بوو، ئەو شێوازانەی ئێستا سەرنجڕاكێش و ناسكن، هەروەها كچان بە پێی خواستی خۆیان چ رەنگێك هەڵدەبژێرن، بەڵام مەرجە كە رەنگی پشتێن لەگەڵ رەنگی بەشێكی دیكەی جەستەدا هاوڕەنگ بێ، بۆ نموونە: دەتوانی رەنگی پشتێن و پێڵاوت هاوشێوە بن، یان دەتوانی رەنگی جانتا و پشتێنت لە رەنگێك بێت، بەڵكو هەندێ جاریش دەتوانی لەگەڵ رەنگی ماكیاژت هاوڕەنگیان بكەیت، كە بەم جۆرە دەبێتە مۆدێكی سەرنجڕاكێش و بەرچاو لە جوانیدا.