مەرج نییە وێنەكێشان تەنیا بە فڵچە و بۆیە بێت، چونكە ئێستا چەندین رێگەی جۆراوجۆر هەن كە وێنەی پێ دەكێشرێن، ئەوەتا كچێكی مالیزی بە سەیرترین كەرەستەی خواردنەوە تابلۆیەكی گەورەی دروست كردووە، ئەو كچە ناوی (هۆنگ یی)یە و نزیكەی (20) هەزار كیسەی بچووكی چای كۆكردۆتەوە و دواتریش بەم كیسانە تابلۆیەكی گەورە و نایابی دروست كردووە. سەبارەت بە كارەكەشی دەڵێت: ماوەیەكی زۆر كیسەی چایم لە نێو ئاو دانا، تا هەر یەكە بە جۆرێك رەنگێك بگرن، تاوەكو لە دروستكردنی تابلۆیەكانم ئەو رەنگانەم دەست بكەوێت كە پێویستم دەبێت. تابلۆی ئەو كچە، لە كیسە چای دروست كراوە و ناوی لێناوە (تییە تارك)، واتە (چای خۆماڵی)، ئەوەی جێگەی باسە لە مالیزیا گرنگی زۆر بە چای خواردنەوە دەدەن و بیرۆكەی ئەو كچەش لەو كاتە بوو رۆژێكیان لە چایخانەیەك دانیشتبوو، كیسەچایەكی بەرچاو كەوت و ئەو بیرۆكەیەی بۆ هات.