جاران باری ئابووری لە كوردستان ئەوەندە باش نەبوو، كەلوپەل و كاڵاكانیش گران بوون نرخیان زۆر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەكی بەرچاو شتومەك لە دەرەوە هاوردە نەدەكراو كارگەی گەورەی بەرهەمهێنانیشمان نەبوو، بۆیە هەموو پێویستیەكانی هاوینە و زستانەمان پێ دابین نەدەكرا، بە ناچاری دەبوایە لەهاویندا هەندێ شتوومەك بۆ زستان هەڵگرین و ئامادەی بكەین، دۆشاوی تەماتە یەكێك بوو لەو پێویستیانەی كە بە ئامادەكراوی بەردەست نە دەكەوت یان ئەگەر هەشبا زۆر گران بوو. بۆیە دەبوایە لە هاوینەوە بۆ زستانی ئامادە بكەی و هەڵیبگریت، چونكە تەماتەش گران دەبوو. لە وەرزی هاوین كە تەماتە هەرزان بوو چەندان سندوقیان دەهێنا بەتایبەت ئەوانەی زۆر رەق و توند نەبوون و دەیان شوشتەوە پاشان لە ناو مەنجەلی گەورە گەورە دەیانكوشی تا ئاوەكەی لێ بێتە دەرەوە توێكل و پێكهاتە بێ سوودەكەی فرێبدەن، پاشان بە هێڵەگ یان پالێوەرێك ئەو دەنكانەیان لێدەگرت كە لە ئاوەكەدا هابوو بۆ ئەوەی تەنها ئاوی تەماتەكە بمێنێتەوە. دوای ئەوەی ئاوەكە بەسافی ئامادەبوو لە سنی گەورە گەورە دەكرا و لە سەربانەكان دادەنرا بۆ ئەوەی وشك بێتەوە، بۆ ماوەی دوو رۆژ لە سەربان دەمایەوە لەو ماوەیەشدا بە بەردەوام چاودێری دەكرا نەوەك شتێكی بچێتە ناوەوە یان پیس ببێ، پاش ئەوەی وشك دەبووە لە دەببەیان دەكرد و زستانان بەكاریان دەهێنا لە جیانی دۆشاوی تەماتەی ئامادەكراو. ئەوەی شایەنی باسە ئەمەش بەشێك بوو لە دەست ڕەنگینی ئافرەتی كورد لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیان و كلتووری كوردستان.